نەتەوەی کورد لە مێژودا واناسراوە لە پێشەوەی نەتەوەکانی تردا بووە ، بەتایبەتی لە رووی ئازایەتی و ھەڵویستی نەگۆری و مساوەمەنەکردن بە بەھاکانی نەتەوەیی ، لە شۆرشەکانیدا ھەمیشە سەری بۆ دوژمنەکانی دانەناوە ، لە تانک و تۆپ و تەیارە نەترساوە ، ئەوانی تر ھەمیشە لەبەردەمیا چۆکیان داداوە ، نازانین ئیستا بۆ وایلێھاتووە خۆی بە ژێردەستە دەزانێ و ناتوانێ مافە یاسایی و دەستوریەکانی بەدەست بێنێ ، ئەمە لەکاتێکدایە لە کوردستاندا بە ئازادی ژیان بەسەر دەبەین ، ئەبێ چیی وایلێکردبین کەمتەرخەم بیین و مافی خەڵکی لێقەوماو و زیانلێکەوتوو و ھەژاری کوردستان بکەینە خاتری خەڵکی تر کە رۆژانێک ھەر ئەوان بوون ئەو ھەموو نەھامەتیانەیان بەسەر گەلەکەماندا ھێنابێ ، ھەتا لێمان رازی بن ، بەراستی ئەمە ناحەقیە بەرامبەر مافەکانمان ، لەم بەشەدا باس لەسەر مافی دەستوری و یاسایی و نێودەوڵەتیە بۆ زیانلێکەوتوانی کارەساتەکانی ناسراو بە جینۆسایدی گەلی کوردستان :
کەس ھەیە بڵێ گەلی کورد بە درێژایی مێژوو چەندین تاوانی ترسناک و دڵتەزێنی بەرامبەر نەکرابێ ؟ ھیچ خێزانێک ھەیە لەم کوردستانەدا زیانبەخش نەبوبێ ؟ ھەموشمان ئەزانیین کیێ بوون ئەوەیان ئەنجامدا ، دروندەترین دەسەڵاتی عیراقی دەسەڵاتی بەعسیەکان بوو لە ساڵی ١٩٦٣ و ساڵی ١٩٦٨ تا ساڵی ٢٠٠٣ ، سیاسەتی پاکتاوی نەژادی وقرکردنی یەکجارەکی نەتەوەی کوردیان کردبوە ئامانجیان و لەو ماوەیەدا توانیان زۆرێک لەو ئامانجە گڵاوەیان بەدیی بێنن ، ھەڵگرتنی دروشمەکانی ( گەلی عیراق پارچەیەکە لە نەتەوەی عەرەب و نەوتی عیراق نەوتی عەرەبە ) و دروشمی سەرەکیان ( امە عربیە واحدە ژات رسالە خالدە ) ئاشکرا بوو کە نیازیان چییە ، ئەوانەمان بە کردار بینی ، ئەوان لە ٢٠٠٣ لەناوچوون ، گەلی کوردستان بەھۆی سیاسەتە فاشستیەکانی رژێمەوە و بە ھاوکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بریاری ٦٨٨ی ساڵی ١٩٩١ی ئەنجومەنی ئاسایش کە ناوچەی ئارامی لێکەوتەوە تا ٢٠٠٣ دەسەڵاتی کوردستان پارێزراو بوو ، دوای روخانی رژێم و ھاوکاری لایەنی کوردی حکومەتی تازەی عیراق پێکھێنرا و کورد بە فیدراڵیەت رازی بوو ، بەڵام لەو سنورەی کە تا رۆژی ١٩/٣/٢٠٠٣ تیدا بووە ، باقی سنوری ئیداری ھەرێم بەسترایەوە بە جێبەجێ کردنی مادەی ( ٥٨ ) یاسای بەرێوەبردنی عیراق بۆ قۆناغی گواستنەوە و دواتر بە مادەی (١٤٠ ) لە دەستوری عیراق ، ھێزەکانی ھاوپەیمانان و عیراقی توانیان سەرانی رژێمی لەناوچوو دەستگیر بکەن ، لە دادگایەکی باڵای تایبەتی بە تاوانەکان دادگای کران ، چەندین کیس لەو دادگایە یەکلاکرانەوە لەوانە (٤ ) کیسیان بریاری بە تاوانی پاکتاوی نەژادی و دژی مرۆڤایەتی دەرچوون ، ئەوانەش کیسەکانی ( ئەنفال و کیمیابارانی ھەڵەبجە و ئەنفالی بارزانیەکان و تاوانەکان دژی برا فەیلیەکان ) بوو ، ئەوتاوانانە بە ( جینۆساید ) ناسران ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی بە بریارێکی تایبەتی پشتگیری لێکردن ، ئەنجومەنی وەزیرانیش بە ھەمانشێوە پشتگیری کرد ، چەندین کۆنگرە و کۆر و کۆبونەوەی فەرمی و نا فەرمیان لەبارەیەوە بۆ سازدراووە ، بریار و یاسا و رێنماییە نێودەوڵەتیەکان مافی قەرەبووی زیانلێکەوتوانی جینۆسایدی زامن کردووە ، جگە لەوەش داواکراووە ئەو کیسانە بە نێودەوڵەتی بکرێن بۆ ئەوەی جارێکی تر دووبارە نەبنەوە ، چونکە ھێشتا مەترسیەکان نەرەویونەتەوە ، خۆدزینەوە و دواخستنی ئەو مافە یاساییە لەلایەن سەرانی عیراقەوە وامان پیێ دەڵی کە ئەوان نایانەوێ جێبەجێ بکرێت ، لایەنی کوردستانی ھەوڵی ھەیە بۆ بەدەستھێنانی ئەو مافانە ، بەڵام ھەوڵەکان جگە لە لاوازی ، زۆر بەداخەوە نوێنەرانمان لە بەغدا و ھەندێ لایەنی پەیوەندیداریش لە ھەرێمی کوردستان ، نایشارنەوە و داوادەکەن یاسایەک بۆ قەرەبووی زیانلێکەوتوانی عیراق بە گشتی و تێکەڵکردنی تاوانەکانی جینۆساید لە کوردستان بە ھەندێ تاوانی جۆراوجۆری عادی لە عیراق بکەن وەکوو ( دوجێل و ئەھوار ) ، پرۆژە یاساکەی وەزارەتی شەھید و ئەنفالکراوان کە لە ماوەی رابوردوو کۆنفرانسی بۆ سازدرا بە ئاشکرا ئەوە دەسەلمێنێ و تەنھا وشەیەکی ئەو تاوانانەی دژ بە پاکتاوکردنی نەژادی گەلی کورد کراووە لە ئەنفال و کیمیاباران و بارزانیەکان و فەیلیەکان لە خۆ نەگرتووە ، لەملاوئەولاش گۆێبیستی ووتەی ھەندێکی تر دەبیین بە ھەمان شێوە دەدوێن ، دەبێ ئەو بەرێزانە پاساویان بۆ ئەم ھەنگاوەیان چی بێت ؟ ئایا پێمان ناوترێت دەبینە پارێزەری ئەوان ! ئایا ئاگاداری ئەوەنین کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سیێ یاسای بۆ قەرەبوو دەرکردووە و عیراقیەکان سودمەند بوون ! یاساکان ( ژمارە / ٥ ی ساڵی ٢٠٠٩ و ژمارە / ٢٠ ی ساڵی ٢٠٠٩ و ژمارە / ١٦ ی ساڵی ٢٠١٠ ) ، تەنھا لە ھەرێمی کوردستان کاریان پێنەکراوە ، ئەو بەرێزانە دەڵێن لەبەر ئەوەیە کە لایەنی عەرەبی دەنگمان بۆ بدەن ، وەکو تا ئیستا زۆر لە یاسا و مادە دەستوریەکانی داواکاری لایەنی کوردستانیان جێبەجێ کردبێت ! ئایا ئەو بەرێزانە ناترسن لەوەی کە ئەم ھەڵَویستە دەقاودەق بچێتە خانەی مساوەمەکردن لەسەر مافی زیانلێکەوتوانی کوردستان ؟ ھەر ئەوان نەبوون پێش ماوەیەک ھەوڵی داخستنی دادگای باڵایاندا و دواتر بچوکیان کردەووە ھەتا چیتر بریاری جینۆساید دەرنەکات کە چەندین کیس لە چاوەروانیدا بوون ، کەواتە دەبێ چ بکەیین :
١ – پێداچونەوەیەک بە ھەستی نەتەوەی و بە بیرھێنانەوەی ئەو ھەموو نەھامەتیانە و لاکردنەوەیەک لە کەسوکاری قوربانیەکان و باروگوزەرانی بریندارەکان و پاشماوەی زیانەکان و پێداگری لەسەر دەستکەوتەکان و گەیشتن بە مافە یاسایی و دەستوریەکان ، چونکە ئێمە وەکوو نەتەوەیەک زوڵم مان لێکراوە نەک کۆمەڵێک یا چەند کەسێک ، ھەمومان بەرپرسین لە داکۆکی کردن لەو مافانە ، بۆ ھیچ کەس و لاو لایەنێک نییە مساوەمەی لەسەر بکات ، ئەوانەی بەرامبەرمان کەیفی خۆیانە و تاوانیان کردووە ، ئیستاش پێیان بکرێت بە ھەمان شێوە دەیکەن ، نیەتیان ئاشکرایە و ئامادەنین ھیچ داوایەکی کورد جێبەجێ بکەن ، دەبێ ئیتر مانای چی بێت ھێشتا رازیان بکەین ، لە دونیادا چەندین کرداری لەم جۆرە رویداووە ، تاوانباران بە تاوانی جینۆساید ناسراوون ، ئەوانیش ھەقی خۆیانە بەوە بناسرێن ، ئەمەیە مەتەڵەکە ، دەیانەوێت بەو شێوەیە تاوانبار نەبن ! بۆیە پێویستە لەسەر کورد ئەم بیروبۆچونانە قبوڵ نەکات و بگرە زیاتر داکۆکی لە مافەکانی بکات .
٢ -چاوێک بەو بریار و یاسا نێودەوڵەتیانەدا بخشێنین بزانین ئەم جۆرە تاوانانە چۆن قەرەبوو کراونەتەوە ، لەوانە ( ھۆلۆکوست ، چین ، ئەرجەنتین ، تشیلی ، تیمور الشرقیە ، مغرب ، بیرۆ ، غواتیمالا، جنوب افریقیا ، کندا ، کۆسۆڤۆ ) ، لەو شوێنانەدا تاوانەکانی جینۆساید ئەنجامدراوون بە شێوازی جۆراوجۆر ، ئەگەر بەراوردیان بکەین لەگەڵ تاوانەکانی کوردستان لای ئێمە لەوان کەمتر نەبووە ، بۆ ئەوەی سودیان لێوەرگریین .
٣ –پێشنیار دەکەم سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لیژنەیەک لە پسپۆر و شارەزا و نوێنەرانی زیانلێکەوتوانی تاوانەکانی جینۆسایدی کوردستان پێکبھێنێ و ئەو دۆسیەیان پێبسپێرێ و داوایان لێ بکرێت زانیاری تەواو لەسەر ھەر چوار دۆسیەی جینۆساید کۆبکەنەوە ، ئاگاداری گشت لایەک بکرێت ھەرچی زانیاریان لایە بیدەنە ئەوان ، بۆ ئەوەی ھەڵویستەکان و ھەنگاوەکان بەرەو بە دەستھێنانی مافەکانمان لە یەک سەرچاوەوە بێت و ئەرکەکانی سەرپەرشتی پەسەندکردنی یاسای قەرەبوکردنەوە و بە نێودەوڵەتی کردنی تاوانەکان تا جارێکی تر دوبارە نەبنەوە.
٤ – یەکیتی پەرلەمانتارانی کوردستان پرۆژە یاسایەکی بۆ ئەو مەبەستە ئامادەکردووە کە تایبەتە بەو تاوانانە ، بە ھیوای ئەوەین ئەو پرۆژەیە بکرێتە بنەما بۆ دەوڵەمەندکردن و داواکاری بۆ پەسەند کردنی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ، پرۆژەکە بێمەرامە و تەنھا داکۆکی لە مافی زیانلێکەوتوان دەکات .
ھەولیر / ١٨ / ٢ / ٢٠١٢